شوناسی دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی سنە ڕوون بووەوە

13:06 - 2 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: شوناسی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو لە خۆپیشاندانەکانی سنە، ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەشاد محەممەدپوور و داریووش سەیاری"، لە خۆپیشاندانەکانی سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "ڕەشاد محەممەدپوور" کوڕی "زەمان"، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی نایسەری شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، هێزە ئیتلاعاتییەکان فیلمی کامێرا داخراوەکانی دووکانی ئەو هاووڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و دۆخی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەتا ئێستا ئامارێکی ورد سەبارەت بە هاووڵاتییانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام شایەتحاڵەکان، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی باس لە زۆریی دەسبەسەرکراوان دەکەن.