شوناسی دوو هاووڵاتیی کوژراوی دیکەی خۆپیشاندانەکان ڕوون بووەوە

10:53 - 11 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شارەکانی کوردستان و کوژران، برینداربوون و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان، شوناسی دوو هاووڵاتیی کوژراوی دیکەی خۆپیشاندانەکانی کرماشان و مەریوان ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەمزە فەرەجی" کوڕی "غوڵام" و خەڵکی کرماشان، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی حکوومەت، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە، پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن مەئموورانی حکوومەتییەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و ئاسەواری لێدان لەسەر جەستەیدا دیار بووە".

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "حەمزە فەرەجی" پاش ئازاد کرانی، دوو ڕۆژ دواتر بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە، شوناسی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "بێرواس"ی پاوە و دانیشتووی مەریوان بە ناوی "سامان باسامی" کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو شارەدا گیانی لەدەست دابوو، ڕوون بووەوە.

ئەو هاووڵاتییە، لە دووهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی مەریواندا کوژراوە.

بەهۆی نەبوونی میدیای ئازاد، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و دروست لەبارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لەبەر دەستدا نییە.