شوانێکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کەمئەندام بوو

11:05 - 8 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەرەستوو نیک ‌بین"، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار و لاقێکی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندی "ئیسحاق ئاوا"ی شاری سەقزە و لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، تووشی ئەو ڕووداوە ببوو.

"ئەرەستوو نیک ‌بین"، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، بۆ ناوەندی دەرمانی ڕاگوێزراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.