شوانێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری سەردەشت کوژرا

11:32 - 17 پووشپەڕ 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، شوانێکی کورد بە ناوی "یووسف ئەحمەدی" خەڵکی گوندی "ئاڵوەتانـ"ـی ناوچەی میرئاوێی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی بەخشی وەزێنە، تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردە کردبوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕ، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "ڕێبین ئیسماعیل" بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی "وێزە"ی سەر بە شارۆچکەی چۆمان بریندار کرا.

ئەو شوانە لاوە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانی، لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە چەکی "بی کەی سی" تەقەی لێکرابوو.