شوانێک لە روانسەر دەست و لاقی شکیندرا و مەڕوماڵاتەکەشی تاڵان کرا

15:53 - 29 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ چەند کەسێک لە شاری روانسەر لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە، وێرای شکاندنی دەست و لاقی شوانێک، مەڕوماڵاتەکەشیان بەتاڵان برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوانکارەیەکی خەڵکی گوندی \"تەپەکوەیک\"ی سەربە شاری روانسەر لە کاتێکدا سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەی بووە، لەلایەن چەند کەسێکەوە پێشی پێ گیراوە و وێڕای شکاندنی دەست و لاقی ئەو شوانکارەیە، ٣٠ سەر لە مەڕ و ماڵاتی ناوبراویشیان بە تاڵان بردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهواڵنێری کوردپای راگەیاند: ماشێنی ئەو کەسانە لە نزیک سێ‌رێیانی \"قازانچی\"ی کرماشان خراپ بووە و ئەو کەسانەش دەستبەسەر کراون.

خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوەڕەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەبارت بەو رووداوە هیچ دژ کردەوەیەک ئەنجام نادەن.

هەروەها لە ماوەی چەند حەفتەی رابردووشدا چەند کەسێکی نەناسراو رێژەیەکی بەرچاو لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی گوندی \"وزمان و کەڵەکان\'ی ناوچەی \"هەوەتوو\"ی سەربە شاری \"دیواندەرە\"یان بە تالان بردبوو.

کۆمەڵناسان \"هەژاری\"یان لە کۆمەڵەدا، وەک گرینگ‌ترین هۆکاری پەنا بردنی تاک بۆ دیاردەی دزی لە قەڵەم داوە.