\"شوالیە آواز\" لەکرماشان کۆنسێرتێکی مۆسیقایی بەڕێوەبرد

14:57 - 3 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەشاری کرماشان کۆنسێرتێکی دوو رۆژە بۆ شارام نازری هونەرمەندی ناسراو و ناوداری کورد پێکهات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رێکەوتی ١ و ٢‌ی جۆزەردان و بە بەشداریی هەزاران کەس لە هۆڵی وەرزشیی شاری کرماشان مامۆستا شارام نازری کۆنسێرتێکی مۆسیقا و گۆرانی، بەڕێوە برد.

ئەو هونەرمەندە کوردە دوایین کونسێرتی لەکرماشان دە ساڵ لەمەوبەر بووە و لەدەسپێکی کۆنسێرتەکەدا گوتوویەتی: من بە بەردەوامی هەوڵم داوە کە لەشاری کرماشان کۆنسێرت بەڕێوە ببەم، بەڵام کێشە و رێگرییەکان ئیزنیان بە من نەداوە ئەو کارە بکەم\".

شارام نازری کە بە \"شوالیەی ئاوازی\" ناسراوە لەدەسپێکی کۆنسێرتەکەدا باسی لە فەرهەنگ، نەریت و کەلەپووری ناوچەی کرماشان کردووە و هەروەها داخ و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی عەباس کەمەندی، دەربڕیوە.

\"شوالیەی ئاواز\" لەدرێژەی قسەکانیدا رایگەیاندووە:\" هیوادارم کەش و هەوای هونەریی لە ئێران کرانەوە بە خۆیەوە ببینێ‌و دۆخی هونەر بەرەو باشتر بوون بڕوات\".

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری کرماشانەوە رایگەیاند، مامۆستا نازری بە چڕینی گۆرانیی \" کوردستان گەر تۆ نەبی گەنجی شاهیم بۆ چییە\" جۆش و خرۆشێکی تایبەتی خستە ناو دڵی هەواداران و خەڵکی کرماشانەوە\".

ئەو هونەرمەندە پێشتر ئاشکرای کردبوو، هەوڵ دەدەم چالاکییەکانم لەکوردستان چڕتر و بەربڵاوتر بکەمەوە.

بەڕێوە بردنی کۆنسێرت بۆ پشتیوانی لە \"ئەنجومەنی پشتگیری لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کوردستان\"، تێچووی چارەسەریی کچە قوتابیانی شیناوێ‌و نەخۆشەکانی گوندی بەسرێی مەهاباد و چەندین کاری هونەریی دیکە بەشێک لە چالاکییەکانی شارام نازری لەساڵی ١٣٩٢‌دا بووە.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام بەمەبەستی رێزگرتن لەشارام نازری دووەمین خەڵاتی \" تندیس مهر\"‌ی ساڵی ١٣٩٢‌ی پێشکەش بەو هونەرمەندە کرماشانییە کردبوو.

رێوڕەسمی بەخشینی ئەو خەڵاتەبە مەبەستی رێزگرتن لەکار و بەرهەمە مافی مرۆڤییەکانی شارام نازری رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ٩٢ لەشاری کرماشان بەڕێوە چووبوو.

شارام نازری ساڵی ١٣٢٨ لەشاری کرماشان لەدایک بووە و بە حوکمی ئەوەی کە بنەماڵەکەی لایەنگری هونەر بوون هەر لە سەردەمی منداڵیدا، دایکی لەگەڵ شێعر و ئاواز ئاشنای کردووە.

نازری لە تەمەنی ٩ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی خۆی لە رادیۆی کرماشان بەڕێوە بردووە و لە تەمەنی ١١ ساڵیشدا لە رادیۆ و تەلەویزیونی ئێران چەند گۆرانییەکی چڕیوە.

مامۆستا شارام نازری لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا کەڵکی لە شێعرەکانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەکانی تێکەڵاوێکە لە سەبکی شۆڕشگێڕی و عێرفانی.

وێنە: فواد گوده‌رزی
\"20114.jpg\"

\"20115.jpg\"

\"20112.jpg\"

\"20116.jpg\"

\"20113.jpg\"

\"20117.jpg\"

\"20119.jpg\"