شنۆ/ کەمتەرخەمیی پزیشکی بووە هۆی گیان لە دەستدانی ژنێکی دووگیان

16:41 - 19 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دووگیانی خەڵکی شنۆ کە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی‌دا بووە بە هۆی کەمتەرخەمیی پێرسۆنێلی دەرمانی ـ پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی دووگیانی خەڵکی شنۆ بە ناوی\" شلێر کاکوڵی\" کە لە نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەم لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی رەوانەی نەخۆشخانەی موتەهەریی ورمێ کراوە و گیانی لەدەست دا.

دەوترێ ئەو ژنە دوای گواستنەوەی بۆ بەشی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی موتەهەریی ورمێ تووشی راوەستانی مێشک (سکته مغزی) بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کەمتەرخەمیی کادری دەرمانی و پزیشکەکانی شاری شنۆ هۆکاری سەرەکیی گیان لە دەستدانی شلێر بووە.

بنەماڵەی کاکوڵی، لە لایەنە پێوەندیدارەکان لە مەڕ کەمتەرخەمیی پێرسونێلی نەخۆشخانەی شنۆ لە پێڕانەگەیشتنی بە باری تەندروستی شلێر لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخوشخانەی ورمێ سکاڵایان تۆمار کردوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو ژنە دووگیانە لە سەر تێبینی پزیشکەکان و بە هۆی بوونی بەردی گورچیلە لە نەخۆشخانەی شاری شنۆ خرابوویە ژێر چاوەدێری پزشکی.

لەم پێوەندییەدا پێشتریش لە سەردەشت ژنێک بە هۆی کەمتەرخەمی لە دیوی نەشتەرگەری لەگەڵ منداڵە ٩ مانگەکەی لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپا، لە ساڵی رابردوودا ١٠ هاوڵاتیی مەدەنی بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە.