شنۆ/ کوژران و برینداربوونی سێ کاسبکاری کورد

21:37 - 8 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کاسبکاری کورد خەڵکی شاری شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی “ڕێبوار مورادی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی \"کانی ڕەش\"( کوژراو )، سیروان مورادی برای ڕێبوار بریندار و \" خەلیل فەڕوخی\" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی\"دڕوو\"(بریندار) لە بەرزارییەکانی شاخی \"کێلەشین و سپی ڕێز\" بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی پێکران.

\"\"بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەو سێ کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ڕێبوار مورادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە و خەلیل فەڕوخی و سیروان مورادی بریندار بوونە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان کراون.

خەلیل فەڕوخی، کاسبکاری کورد بە هۆی بەرکەوتنی گوللە لە شانی بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی \"ئیمرجێنسی\" شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆ کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەیسەم کەریم عه‌لی\" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، لە بەرزاییەکانی \"کێلەشین\" گیانی لە دەست دا.