شنۆ/ سەربازێکی کورد دەستبەسەر کرا

16:40 - 13 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کورد، خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە شاری شنۆ، سەربازێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو سەربازە کوردەی بە \"تاهیر خۆرشیدی\" تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گەڕەکی\"سەیدئاوای\" شاری شنۆ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سەربازە کوردەیان بە تۆمەتی \"سیخۆری و ئاشکرا کردنی نهێنیەکانی سپای پاسداران\" دەستبەسەر کردووە.

دەوترێ، ئەو سەربازە کوردە لە بەشی کامپیوتێری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری شنۆ کاری کردووە.

سەرەڕای بەدواچوونی بنەماڵەی ئەو سەربازە کوردە لە چارەنووسی کوڕەکەیان، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو سەربازە کوردە خۆیان بواردووە.