شنۆ؛ یووسف ئەمینی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

12:57 - 10 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف ئەمینی" خەڵکی گوندی "گورگاوێـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە، بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە".

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، یووسف ئەمینی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شنۆ ئازاد کرابوو.