شنۆ؛ ٥ هاووڵاتیی کورد سەرجەم بە ٢٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران

12:04 - 9 خاکەلێوه 2722

٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەماڵ قویتاسی"، "ڕەحمان یووسفی"، "محەممەدخالید حەمزەپوور"، "عەزیز قادرتاج" و "سەلیم شەریفی" خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" سەرجەم بە ٢٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە بەو هاووڵاتییانە ڕاگەیەندراوە، کەماڵ قویتاسی بە ٥ ساڵ، ڕەحمان یووسفی بە ٥ ساڵ، محەممەدخالید حەمزەپوور بە ٥ ساڵ، عەزیزی قادرتاج بە ٣ ساڵ و سەلیم شەریفی بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان، مەحکووم کراون.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بەڕێوەچوو و دادگا ئەو ٥ هاووڵاتییەی بە "ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، قویتاسی خەڵکی گوندی "چەشمە گوڵ" و "ڕەحمان یووسفی" خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.

کەماڵ قویتاسی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩ و ڕەحمان یووسفی سەرەتای مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان له یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ڕاگوێزرابوون.

 ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، سەلیم شەریفی و عەزیز قادرتاج خەڵکی شنۆ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ۱۳ی ڕەشەمە ساڵی ٩٩، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕێبەندان ساڵی ٩٩، سەلیم شەریفی خەڵکی گوندی "قوروشاوێ" سەر بە شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دسبەسەر کرابوون.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی عەزیز قادرتاج و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

عەزیز قادرتاج مامۆستای قۆتابخانەی سەرەتایی گوندی "نەرزیوە"ی شاری شنۆیە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، محەممەدخالید حەمزەپوور خەڵکی گوندی خانلەری شنۆ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون.

وێنە: عەزیز قادرتاج، سەلیم شەریفی، محەممەدخالید حەمزەپوور، کەماڵ قویتاسی و ڕەحمان یووسفی