شنۆ؛ ٥ هاووڵاتیی کورد بە ١٣ ساڵ زیندان مەحکووم کران

11:44 - 7 خاکەلێوه 2722

پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحمان ئەسەدی"، "فەرهاد مەعرووفی"، "عوبەید ئەنوەری"، "ڕێبوار چارەکداری" و "جەلال قادرزادە" خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، سەرجەم بە ١٣ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ڕەحمان ئەسەدی بە ٤ ساڵ، فەرهاد مەعرووفی بە ٣ ساڵ، عوبەید ئەنوەری بە ٢ ساڵ، ڕێبوار چارەکداری بە ساڵێک و جەلال قادرزادە بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بە سەرۆکایەتیی "ڕەزایی" ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامیەتیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە ساڵی ڕابردوو لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ، بەڕێوەچوو و ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوە ئەو حوکمە بەو ٥ هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی پار، "جەلال قادرزادە" کوڕی "عەبدوڵڵا" خەڵکی نەڵۆس، "فەرهاد مەعرووفی" کوڕی "حەسەن" خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ، "عوبەید ئەنوەری" کوڕی "ڕەحیم" خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ و "ڕێبوار چارەکداری" کوڕی "محەممەد" خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، ڕەحمان ئەسەدی کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێ" سەر بە شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی ورمێ ئازاد کرابوو.

وێنە: عوبەید ئەنوەری، ڕەحمان ئەسەدی، جەلال قادرزادە، فەرهاد مەعرووفی و ڕێبوار چارەکداری