شنۆ؛ ٦ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە زیندان مەحکووم کران
فەرهاد کازمی تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی مەحموود، خالید دەشتی تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی محەممەد، عەبدولڕەحیم گۆرانئاباد تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی مستەفا، ئیحسان سەفاییفەر تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی عەلی، محەممەد پەیغامی تەمەن ٥٥ ساڵ کوڕی خزر و فەردین خۆشخاهێش تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی لوقمان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبووتالیب جەلیلپوور" سەرجەم بە ١٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندان، مەحکووم کران.
بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، فەرهاد کازمی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و سەرپێچی لە مەئمووران" بە دوو ساڵ زیندان، خالید دەشتی بە هەمان تۆمەت بە دوو ساڵ زیندان، عەبدوڵڕەحیم گۆرانئابادی بە هەمان تۆمەت و تێکشکاندنی بەئەنقەستی کەرەستەی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە خۆپیشاندانەکان، بە ٥ ساڵ و سێ مانگ زیندان، ئیحسان سەفاییفەر بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاشایشی گشتی و سەرپێچیکردن لە مەئمووران"، بە ٢ ساڵ زیندان، محەممەد پەیغامی بە هەمان تۆمەت بە دوو ساڵ زیندان و فەردین خۆشخاهێش بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، سەرپێچی لە مەئمووران و تێکشکاندنی بەئەنقەستی کەرەستەی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە خۆپیشاندانەکان"، بە ٥ ساڵ و ٣ مانگ زیندان، مەحکووم کراون.
بەپێی یاسای ڕێژەی تاوانەکان، قورسترین سزا بۆ ئەو ٦ هاووڵاتییە دەبێت جێبەجێ بکرێت.
لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری شنۆ بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی مەئموورانی دادگوستەریی پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی گشتی، پشکنینی ناوەرۆکی مۆبایلەکان، چاولێکردنی کلیپەکان و ڤیدیۆکانی پەیوەندییدار بە خۆپیشاندانەکان و ئاگاداربوون لە بەشداریی تۆمەتلێدراون لە ڕێگای بی تی ئێسی مۆبایلەکەیانیانەوە، حوکمیان بە سەر ئەو ٦ هاووڵاتییەدا سەپاندووە.
ئەو ٦ هاووڵاتییە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان و پێڕاگەیاندنی تۆمەتەکەیان لە لقی ١ی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ و ڕەوانە کردنی دۆسییەکەیان بۆ لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.