شنۆ؛ هاشم خوران بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کرا

12:12 - 5 خاکەلێوه 2722

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هاشم خوران"، خەڵکی گوندی "ئاڵیان" سەر بە ناوچەی "دەشتەبێڵـ"ـی شنۆی بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چووه و دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ ١٤٠٠، هاشم خوران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزە" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر گوندی "ئاڵیان" و بەبێ بەڵگەی یاسایی هاشم خورانیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هاشم خوران پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.