شنۆ؛ مێهران سلێمان‌پوور بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

18:24 - 3 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێهران سلێمان‌پوور" خەڵکی گوندی "ئاڵیان"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی مێهران سلێمان‌پوور ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چووه و دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکووم کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، "مێهران سلێمان‌پوور"  بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە سپای پاسداران لە ورمێ ئازاد کرابوو.

مێهران سلێمان‌پوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئاڵیان" و بەبێ بەڵگەی یاسایی مێهران سلێمان‌پووریان وێڕای هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "هاشم خوران" دەسبەسەر و ناوبراوانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان کردبوووهەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.