شنۆ؛ لاوێک و سێ مێرمنداڵ بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کران

11:57 - 7 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ، لاوێک بە ناوی "حەسیب حەسەن‌زادە" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی ڕەحمان و سێ مێرمنداڵ بە ناوەکانی "سامان حەسەن‌زادە" تەمەن ١٧ ساڵ کوڕی مستەفا، "زانیار حەسەن‌زادە" تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی ئیسماعیل و"پێشەوا شاداب" تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی جەعفەر خەڵکی گوندی "بابخاڵاوێ"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای شنۆ کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێشەوا شاداب ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا کرابوو کە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو ٤ کەسە پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی سپا، لە چارەنووسیان زانیارییەک لە بەردستدا، نییە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری بانگهێشت و تۆمەتی دژی ئەو چوار کەس زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

زانیار حەسەن‌زادە، مانگی پووشپەڕ پاش دوو جار بانگهێشتکردنی و دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە، ئازاد کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سامان حەسەن‌زادە، حەسیب حەسەن‌زادە، پێشەوا شاداب و زانیار حەسەن‌زادە