شنۆ؛ سێ هاووڵاتی بە زیندان و سزای نەختی مەحکووم کران

11:38 - 14 خاکەلێوه 2722

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری شاری شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبووتالیب جەلیل‌پوور" سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەیووب مووسا" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی لوقمان، "سیامەند خواڕەزم" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عەزیز و "هاوڕێ (مێهران) خواڕەزم" تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی بایەزید، بە زیندان و سزای نەختی مەحکووم کرد.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئەیووب مووسا بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەڵگرتنی چەکوچۆڵ" بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی، سیامەند خواڕەزم و هاوڕێ خواڕەزم، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" هەر کامیان  بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری شاری شنۆ، بەرێوەچوو بوو.

رۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەیووب مووسا و هاوڕێ خواڕەزم خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، سیامەند خواڕەزم خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

سیامەند خواڕەزم ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، پاش تەوابوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، سیامەند خواڕەزم بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

وێنە: سیامەند خواڕەزم، ئەیووب مووسا و هاوڕێ خواڕەزم