شنۆ؛ دوو لاوی تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:48 - 12 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، دوو لاوی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوەکانی "سینا (کەریم) مینایی" و "عەبدوڵڵا یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو لاوە کوردەیان بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردووە. هەروەها "عەبدوڵڵا یووسفی چەند کاتژمێر دواتر ئازاد کراوە.

"سینا مینایی" ساڵی ٩٩یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" دەسبەسەر کراوە و دوای لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو لاوە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.