شنۆ؛ حوکمی زیندانیی مێهران سلێمان‌پوور کەم کرایەوە

12:18 - 14 بانەمەڕ 2722

حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێهران سلێمان‌پوور" خەڵکی گوندی "ئاڵیان" سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بە "تەسلیم بە ڕەئی" کەم کرایەوە.

ئەو حوکمە لە ١٨ مانگ زیندان بۆ ١٣ مانگ و ١٥ ڕۆژ کەم کراوەتەوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی مێهران سلێمان‌پوور ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چووه و دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، "مێهران سلێمان‌پوور" بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی سپای پاسداران لە ورمێ ئازاد کرابوو.

مێهران سلێمان‌پوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئاڵیان" و بەبێ بەڵگەی یاسایی مێهران سلێمان‌پووریان وێڕای هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "هاشم خوران" دەسبەسەر و ناوبراوانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان کردبوو و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.