شلێر ئەحمەدی پاش ٨٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

18:16 - 19 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەک بە ناوی "شلێر ئەحمەدی" کچی مستەفا خەڵکی گوندی "قزڵقۆپیـ"ـی شاری مەهاباد، پاش ٨٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، شلێر ئەحمەدی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

شلێر ئەحمەدی خێزاندار و دایکی دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.