شلێر ئەحمەدی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا

18:03 - 20 خاکەلێوه 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی "شلێر ئەحمەدی" کچی مستەفا خەڵکی گوندی " قزڵقۆپی" سەر به شاری مەهاباد، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

 لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

شلێر ئەحمەدی خێزاندار و دایکی دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بە دەست نەهاتووە.