شلێر زەمانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کرا

18:43 - 6 بەفرانبار 2722

ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان شلێر زەمانییان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی و بڵاوکردنەوەی ئەو دانپێدانانە لە لاپەڕەی ئینستاگرامییە کارییەکەی، کرد.

ئەو گرتە ڤیدیۆییە ڕۆژی دووشەممە ٥ی بەفرانبار لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی کاری شلێر زەمانی بڵاو کراوەتەوە.

 شلێر زەمانی لەو ڤیدیۆیەدا دەڵێت؛ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە گرتنگە بووە و هیچ کێشەیەکی بۆ پێش نەهاتووە و بە ساغ و سڵامەتی گەڕاوەتەوە لای بنەماڵەکەی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە جۆراوجۆرانەی کە سەبارەت بە توندوتیژیی جینسی/ڕەگەزی لە گرتنگە و گرتووخانەکانی سنە دژی ژنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو کراوەتەوە، بە ئەگەری زۆر ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە لەم قۆناغەدا، شلێر زەمانییان ناچار بە وتنی ئەو قسانە کردووە، چونکە ئەو ژنە هاووڵاتییە دەڵێت دوای سێ ڕۆژ دەسبەسەری ئازاد کراوە (٢٦ی سەرماوەز)، لە کاتێکدا کە ڤیدیۆکە ١٠ ڕۆژ دوای ئازادکردنی ناوبراو بڵاو بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت؛ چەند ستۆرییەکم لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەم بڵاو کردەوە کە کارێکی هەڵە بووە و داوا لە لاوەکان دەکات فریوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەخۆن.

 ئەو هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکات کە چاوپۆشی لە هەڵەی کوڕەکەی بکات کە لە دەرەوەی ئێرانە کە لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئێران تووشی کێشە نەبێت.

شلێر زەمانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

سینا وەیسی کوڕی شلێر پاش دەسبەسەرکرانی دایکی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردبووەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ١٠ کەس لە مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکان کە پێکهاتبوون لە ژن و پیاو بوون، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان و سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەیان و وێنەگرتن لە ماڵەکەیان، دایکیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە. ئەو هەروەها ڕایگەیاند: دایکی ماوەی ساڵێکە لە نەخۆشیی شێرپەنجە ڕزگاری بووە و پێویستی بە دەوا و دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە.

بە سرنجدان بەوەیکە لە کوردستان و بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا، ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بۆ هێنانەوەی کوڕەکانیان لە دەرەوەی وڵات، دەخەنە ژێر گوشارەوە و هەروەها بەڵێنگەلێکی زۆر بۆ هێنانەوەی ئەوان بە بنەماڵەکانیان دەدەن.

شلێر زەمانی خەڵکی سنە و ئارایشگەرە. ئەو لە لاپەڕەی کەسیی ئینستاگرامە کارییەکەی، ژمارەیەکی زۆر فاڵۆوێری لە پەیوەندی لەگەڵ کارەکەی هەیە. سەرەڕای ڕێژەی زۆری فاڵۆوێرەکانی لە لاپەڕەکەی و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەتی ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەو جۆرە دانپێدانانە لە لاپەڕە کەسییەکان دەتوانین بڵێین، نموونەیەکی نوێ لە سیاسەتی سەرکوت و سێناریۆسازی، لە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئینقلابی ژینایە.