شایەتحاڵێك: ئاسەواری مێژوویی دۆزراوەی گوندێكی تیكاب بە تاڵان دەبرێن

13:03 - 21 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بەپێی سەرچاوە ناوچەییەكان لە گوندێكی دەورووبەری شاری تیكاب كۆمەڵێك ئاسەوار و كەلوپەلی مێژوویی دۆزراونەتەوە و لەلایەن حكوومەتەوە رەوانەی تاران دەكرێن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەی زیاتر لە دە رۆژە لەناو كانگایەكی بەرد لە گوندی \"كەجە گومەد\"ی سەر بە شاری تیكاب لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، كۆمەڵێك ئاسەواری مێژوویی و كەونارایی دۆزراونەتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتەوە بەبێ‌ ئامادەبوونی \"رێكخراوی میراتی فەرهەنگی\" رەوانەی تاران دەكرێن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەم مەسەلەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاندووە، ئەو ئاسەوارە مێژووییانە كە دۆزراونەتەوە بریتین لە\"ئاڵتۆن، پەرداخی جۆراوجۆر و كەرەسەی كۆنی نەشتەرگەری\" كەلە كاتی هەڵکەندنی تەپۆڵكەیەك لەناو كانەبەردی گوندی \"كەجە گومەد\" دۆزراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا: \"بەپێی زانیاریی سەرچاوە ناوچەییەكان ئێستا هێزە نیزامییەكانی حكوومەت دەوری ئەو كانەبەردەیان تەنیوە و ناهێڵن هەتا 5 كیلۆمیتری كەس نزیكی ئەو شوێنە بێتەوە و چەند هیلۆكۆپتێرێكی حكوومەتیش بۆ گواستنەوەی كەرەسە دۆزراوەكان لەو شوێنە نیشتوونەتەوە\".

بەڕای كارناسانی مێژوویی و كەونینەناسی لەوانەیە شوێنی دۆزرانەوەی ئەو ئاسەوارانە شارێكی كۆن و مێژوویی بێت.