شاکر بێهرووزی بۆ دووهەم جار حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپا

17:34 - 6 بەفرانبار 2720

شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە دۆسیەیەکی نوێی دیکەدا لەلایەن دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرا.

دادگا ئەو حوکمەی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەستی ئەندامێکی سپای پاسداران" بە سەریدا، سەپاندووە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی گوندی "دزەی" ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسەپێ و پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام، مەحکووم کرابوو.

شاکر بێهرووزی لە گرتووخانەی ورمێ ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، بۆ دادگاییکردن بانگهێشتی لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ کرابوو و ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوە دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ئامادەبوونی خۆی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چووه.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دزە ئامادەن لە دادگا شایەتی بدەن کە شاکر بێهرووزی لە کاتی ئەو ڕووداوە لە دووکانێکی ئەو گوندە بووە، بەڵام دادگا پێشی بە ئامادەبوونی ئەوان گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانپێنانی زۆرەملێیان لەو زیندانییە کوردە، وەرگرتووە.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا".

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.