شاپوور مورادی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

12:29 - 2 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان، شاپوور مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ، شاپوور مورادی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.

شاپوور مورادی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، تاوانبار کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردان، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی غەفووری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.