شاهۆ/ کوشتنی دوو بزنە کێوی لە لایەن بەرپرسێکی حکوومەتییەوە، بێدەنگی لێ‏کرا

14:16 - 6 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ، سەبارەت بە کوژرانی دوو بزنە کێوی لە بەرزاییەکانی شاهۆ، بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسێکی حکوومەتی لە شاری جوانڕۆ، بە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستی داوەتە کوشتنی دوو سەر بزنە کێوی لە شاهۆ.

هەواڵی کوشتنی ئەو دوو ئاژەڵە بە چەکی بڕنۆ، گەیشتووەتە ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان.

هەواڵنێری کوردپا ناسنامەی ئەو کەسەی بە \"ه. م\" ڕاگەیاندووە، کە پێشتر بەرپرسی بانکی میللی جوانڕۆ بووە.

بە وتەی چالاکانی ژینگەی ئاژەڵان( حیات وحش)، ئەو ڕێکخراوەی کە دەبێ بەپێی سروشتی کارەکەی لێپرسینەوە لەو کارەساتە بکات، بە هۆی ئەوەی کە ڕاوچییەکە پیاوی دەوڵەتە، سەری لەو کارەساتە ناوەتەوە و بێدەنگەی لێ کردووە.

کوژرانی دوو سەر لەو ئاژەڵانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی ژینگەوە وەک \"چەشنی لە مەترسیی فەوتان\" (گونه‌ی درحال انقراض) دا پێناسەکراوە، لە کاتێکدایە کە زنجیرە چیای شاهۆ، ناوچەی بە پارێزراو ڕاگەیندراوە و ئەم وەرزەش، کاتی زاووزێی بزنە کێوییەکانە.