شانۆی کوردی لە سەڵماس بەڕێوە چوو

14:52 - 16 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ‌هاووڵاتییانی کورد لە سەڵماس بۆ یەکەمینجار بەڕێوەچوونی شانۆیەک بە زمانی کوردییان بینی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، پازدەی گەلاوێژ، شانۆیەکی فۆلکلۆریک بەناوی \"خەج و سیابەند\" بەڕێوەچوو.

ئەو شانۆیە بە زمانی کوردیی کرمانجی لە ساڵۆنی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەڵماس و بە بەشداریی خەڵک و هونەردۆستان نمایش کرا.

ڕەسووڵ بەنگین، دەرهێنەری ئەو شانۆنامەیە ڕایگەیاند کە؛ دەقی شانۆنامەی \"خەج و سیابەند\" لەسەر بنەمای چیرۆکی فۆلکلۆری خەج و سیامەند نووسراوە، بە جیاوازیە کە مەرگی خەج و سیامەند لەو دوو بەیتەدا جیاوازە.

پیشاندانی ئەو شانۆیە دژکردەوەی تورکە ئازەرییەکانی لە ماڵپەڕی \"گاماج\" بەدواوە بووە و ئەو هەڵوێستەی ئیدارەی ئیرشاد بەپێدانی مۆڵەت، وەک خیانەت بە نەتەوەی ئازەربایجان لەقەڵەم داوە.

ئەو شانۆیە کە شەبنەم یووسفی ڕۆڵی خەج و جەعفەر پاکنیا ڕۆڵی سیامەندیان تێدا گێڕاوە، پێشتریش لە کوردستانی تورکیە و شاری ورمێ پیشان درابوو.