شانۆی سەر شەقامی مەریوان پاش دوو ساڵ دەستی بە کارەکانی کردەوە

10:30 - 5 خەزەڵوەر 2721

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەر، پاش دوو ساڵ لە بەرێوەنەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، ئەو شانۆیە دەستی بە کارەکانی کردەوە.

فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک بە کاتی کرماشان، لە پارکی "شانۆ" دەست بە کارەکانی دەکات.

ئەو فێستیڤاڵە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە شاری مەریوان بەرێوە دەچێت و کۆتایی کارەکانی ئەو فێستیڤاڵە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، لە پارکی "بانوانـ"ـی شاری مەریوان دەبێت.

پازدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سەر شەقامی مەریوان، لە ٦ بەشی "ئازاد، ئایینی، منداڵان، بەشی جیاوازی پێشاندان (بخش دگرگونەهای اجرایی)، بەشی تایبەت و بەشی هەڵبژێردراوانی فێستیڤاڵەکە، بەرێوە دەچێت.

فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان هەموو ساڵێک بە پێشوازییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی هونەردۆستی مەریوانەوە، بەڕێوە دەچێت.

شانۆی سەر شەقامی مەریوان لەساڵی ١٣٧٣ هەتاوی بە بیرۆکەی کەسانی وەکوو فاتح بادپەروا لە هۆڵی مانگی سووری ئەم شارە دەستی پێ کراوە و لە ساڵی ١٣٨٤ هەتاویش بە فەرمی یەکەمین خولی بەڕێوە چووە.

بە وتەی دامەزرێنەری فێستیڤاڵەکە، ئەو فێستیڤاڵە بەشێک لە ناسنامەی بێچمگرتووی شانۆی سەر شەقامی ئێرانە و ئەمڕۆکە مەریوان بووەتە پێگەیەک بۆ شانۆی سەر شەقام لە سەرتاسەری ئێراندا.

شاری مەریوان بە پێتەختی شانۆی سەر شەقام ناوی دەرکردووە.