شانامەی كوردی (هەورامی) لە روانگەی نووسەر و توێژەرێكی كوردەوە

22:05 - 3 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: شانامەی كوردی (هەورامی) بەرهەمی \"ئەڵماس خان كەنوولەیی\" شاعێری ناودار و حیماسە نووسی كوردە كە \"محەممەدرەشید ئەمینی\" نووسەر و توێژەرەی بە توانای ئەدەبیی خەڵكی پاوە كۆی كردۆتەوە و بە چاپی گەیاندووە.

مەحەممەدرەشید ئەمینی لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی كوردپرێسی راگەیاندووە: \"شانامەی كوردی (هەورامی) ساڵی 1389ی هەتاوی لەلایەن مەڵبەندی رۆشنبیریی هەورامان لە شاری سلێمانی و لە 800 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

ئەمینی وێڕای ئاماژە بەوەی كە دوای 10 ساڵ هەوڵ و تێكۆشان و سەردانی زۆر شوێن توانیویە 11 چیرۆكی شانامەی كوردی كۆ بكاتەوە و دووبارە بیاننوسێتەوە و وتی: دوای كۆكردنەوە و خوێندنەوەی چیرۆكەكانی ئەم شانامەیە توانیم بۆ هەر كامەشیان پێشەكییەك بنووسم.

ناوبراو باس كردن و ناوهێنانی كاراكتێر و ناوگەلێكی وەكوو \"زەردەهەنگ، جەهانگیر، جەهانبەخش، ئازەر، بەرزین، سامی سانی و رۆستەمی تەور لەدەست\" كەلە شانامەی فارسیدا نین، وەك خاڵی بەهێزی ئەم بەرهەمە وەسف كرد و رایگەیاند: شانامەی كوردیی هەورامی كەلە 11 چیرۆك پێكهاتووە، لە هەمبەر شانامەی فارسیدا خاوەنی خەسڵەتی تایبەت بە خۆیە و لەو باوەڕە دام كە یەكێكە لە گرینگترین بەهەمە كوردییەكان.
كۆكەرەوە و ئامادەكاری شانامەی كوردی وێڕای ئاماژە بەوەی كە لەو ماوەیەدا چەند چیرۆكی دیكەی ئەو شانامەیەی دەست خستووە، رایگەیاند كە هیوادارە لە چاپەكانی داهاتوودا بتوانێت پێیان زیاد بكات.
\"5404.jpg\"
ناوبراو لەمەڕ چیرۆكە بڵاو نەكراوەكانی ئەم شانامەیە وتی: بەم دوایانە چیرۆكێكم بەدەست گەیشتووە كە \"رەزا خان\" باوكی ئەڵماس خان وەریگێڕاوە و بە باوەڕی من ئەم خانەدانە هەر لە دێزەمانەوە بە تەمای ئاماەكردن یان وەرگێڕانی شانامەی كوردی بوون.

ئەم نووسەرە \"ئەڵماس خان كەنوولەیی\" بە یەكێك لە باشترین شاعیرانی نەتەوەی كورد داناوە و درێژەی دا: بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ بە چەشنێك كە شیاوی ئەڵماس خان بێت، بەرهەمەكانی كۆ نەكراونەتەوە و بە چاپ نەگەیشتوون و ئەوەی كە ئەمڕۆ لەبەر دەستی خەڵك دایە، ناتەواو، پڕ لە كەموكووڕین یان بەرهەمەكانی بەناوی كەسانی دیكەوە لە چاپ دراون.

ئەو نووسەرە كوردە گرینگترین بەرهەمەكانی ئەڵماس خانی بە \"شانامە، شیرین و خوسرەو، مشك و پشیلە و نادر و پۆڵا\" لە قەڵەم دا و تی: بەرداخەوە هەتا ئەمڕۆ زۆربەیان نەگەیشتوونەتە دەستی ئۆگر و خوێنەرانی ئەدبیاتی كوردی.
\"5405.jpg\"
محەممەدرەشید ئەمینی توێژەر و نووسەری خەڵكی پاوە هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی وەك: \"گوڵزاری هەورامان 2 بەرگ\" كۆكردنەوە و دووبارە نووسینەوەی \"دیوانی میرزا عەبدولقادر پاوەیی\"، دووبارە نووسینەوە و هەڵەگریی \"دیوانی سەیدی هەورامی\"، \"هەورامان باشتر بناسین\" و كتێبی خانای قوبادیی بەناوی \"سوڵتان ئیبراهیم و نووش ئافەرین\" و... بە چاپ گەیاندووە و چەندین بەرگی دیكە بۆ وێنە 50 بەرگی كتێبی نایابی دەستخەت و بەیازی لەمەڕ ئەدەبیاتی كوردی ئامادەی چاپە.

ناوبراو جیا لەم خزمەتە بەنرخانە، ئێستاش بە ناردنی وتار و بابەتی زانستی بۆ كۆنگرە و كۆبوونەوە فەرهەنگی و ئەدەبییەكان یەكێكە لە چالاكانی سەركەوتووی مەیدانی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی.