شانازییەکی دیکەش بۆ وەرزشوانانی کورد تۆمار کرا

20:53 - 9 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی خەڵکی شاری کرماشان، توانیی لە کێبڕکێی شمشێربازی \"پێشەنگایەتی\"ی وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسییە، کە لە وڵاتی ئۆسترالیا بەڕێوەچوو، پلەی یەکەم بەدەست بێنێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلیڕەزا کارێزی، شمشێربازی کرماشانی، لە کێبڕکێکانی پێشەنگایەتیی وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسییە، توانیی بە سەر ڕکابەرەکانی‌دا سەرکەوێت و میداڵی زێڕی بەشی \"فلورە\" بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

هەواڵدەریی مێهر لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، ئەو وەرزشوانە کرماشانیە، ساڵی پاریش توانیی پلەی یەکەمی ئەو کێبڕکێیە بەدەست بێنێ.

عەلیڕەزا کارێزی ئەندامی تیمی میللی ئێرانە، ئەمە دووهەمین ساڵە، ناوبراو لە سەر یەک، لە یاری شمشێربازی، مێداڵی زێر لەگەردەن دەکات.

وەرزشکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی جیهان و ئێراندا بەردەوام سەرکەوتن وەدەست دێنن و ئەوەش لەکاتێکدایە کە وەرزشکاران لەگەڵ کێشەی زۆری ئیداری و بێ ئیمکاناتی بەرەوڕوون.