شانازییەکی دیکە بۆ وەرزشوانانی کورد لە کێبڕکێ جیهانییەکان

14:34 - 9 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد لە بە دەستهێنانی میداڵە جیهانییەکان، کچە وەرزشوانێکی خەڵکی شاری مەریوان میداڵی زێڕی کێبڕکێی تێکواندۆی وڵاتی تورکیەی بەدەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ٢٣هەمین کێبڕکێی ئۆلەمپیکی هاوینی\"وەرزشوانانی نەبیست\"، نەسیبە شەهبازی خەڵکی شاری مەریوان میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

٢٣هەمین کێبڕکێی ئۆلەمپیکی هاوینی وەرزشوانانی نەبیست لە وڵاتی تورکیە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی بەڕێوەچوو و کچە وەرزشوانی کورد شانازی تۆمار کرد.

لە یەکەم ڕۆژی کێبڕکێی \"کیوروگی\" نەسیبە شەهبازی تێکواندۆکاری مەریوانی لە کێشی ٦٨ کیلۆدا توانی بە سەر ڕکەبەرەکەی لە وڵاتی کرۆواسی سەرکەوێت و میداڵی زێر لە مل بکات.

ئەو تێکداندۆکارە کوردە، بە سەرکەوتن بە سەر ڕکەبەرەکانیدا لە وڵاتی چین و تورکیە، چووە قۆناغی کۆتایی و بە شکست دانی ڕەکەبەرە کرۆواسییەکەی پلەی یەکەمی ٢٣هەمین کێبڕکێی وەرزشوانانی نەبیستی بە دەست هێنا.

کێبڕکێی ٢٣هەمین خولی ئۆلەمپیکی هاوینی وەرزشوانانی نەبیست ساڵی ٢٠١٧، هەتا ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ لە دوو بەشی ژنان و پیاوان لە شاری سامسۆنی وڵاتی تورکیە بەڕێوەچوو.

نەسیبە شەهبازی لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، خەڵکی شاری مەریوانە؛ لە ساڵی ٨٩ی هەتاوییەوە چالاکییەکانی خۆی لە بەشی تێکواندۆ دەست پێکردووە.