شاعێرێکی کوردی خوراسانی بە لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا

20:31 - 27 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کەلاتی نادری، بۆ شاعێرێکی کورد حوکمی ٧٤ زەربەی قامچی بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلیڕەزا سپاهی لاین، ڕۆژنامەنووس و شاعێری کوردی خەڵکی خوراسان بە تۆمەتی \"بێڕێزیی بە بەرپرسان و مەئموورانـ\"ـی حکوومەتی لە لقی یەکی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کەلاتی نادری بە لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لە گوشارە بەردەوامەکانی دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران بۆ سەر ئەو شاعێرە کوردە کرد و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، ئەم سەرچاوەیە لە دانی زانیاری ورد لە بارەی بارودۆخی ئەو شاعێرە کوردە خۆی بوارد.

ئەو شاعێر و ڕۆژنامەنووسە کوردە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٦ بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"جهل، تواناتر از سیل\" لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری کەلات بانگهێشت و بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی\" تاوانبار کرا. ئەو نووسەرە کوردە بە هۆی ئەوەی کە دوو ڕۆژ دواتر سەردانی دادگای کردبوو، لە لایەن دادوەر \"نەزەری\"، جێگیری دۆزگەرەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی وەکێڵئاوا کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەروەها ئەو شاعێرە کوردە، سەبارەت بەو حوکمە، لە زیندانی وەکێڵئاوا مانی گرتووە.

پێشتریش، ئەم شاعێرە کوردە، ڕۆژی ٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٠ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەشهەدەوە بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران\"، هۆنینەوە دروشمی ڕەخنەگەرانە دژی حکوومەت و ڕیزگرتن لە ڕێبەرانی کورد\" دەسبەسەر کرابوو. هەروەها مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٢ لقی ٣ی دادگای شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتی دادوەر سوڵتانی، عەلیڕەزا سپاهی لاینی بە ١١ مانگ زیندان، ٥ مانگ بێبەش بوون لە چالاکیی فەرهەنگی و دانی پارە نەخت مەحکووم کردبوو.

عەلیڕەزا سپاهی لاین هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠ کتێبی بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاوکردووتەوە و بە یەکێک لە نووسەرە بە تواناکانی ئێرانی بە ئەژمار دێت.