شاعێرێکی خەڵکی مەڵەکشای ئیلام دەسبەسەر کرا

14:48 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەڵەکشای پارێزگای ئیلام، شاعێرێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، حوسێن باقری ناسراو بە \"ژاکان باران\" تەمەن ٣٦ ساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەڵەکشای ئیلام دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دەسبەسەر کردنی ئەو شاعێرە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و بێڕێزی بە پیرۆزییەکان\" دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی ١٠ی بەفرانبار، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، شاعێرێکی خەڵکی شاری ئیلام، بە ناوی \"حوسێن باقری\" ناسراو بە (ژاکان باران) تەمەن ٣٦ ساڵ، لە لایەن بەرپرسی گشتیی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی لێ کرا.

هەڕەشەی بەرپرسی ئیتلاعات سپا بۆ دەسبەسەر کردنی ئەو شاعێرە کوردە، لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، ناوبراو خەڵکی بۆ خۆپیشاندان لە شاری ئیلام هان داوە.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئەو شارەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵی ئەو شاعێرە و هەوڵی دەسبەسەر کردنیان دابوو.

لینکی پەیوەندیدار:
ئیتلاعاتی سپا لە ئیلام هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی شاعێرێکی کوردی کرد