شاعیرێکی کورد لە فستیڤاڵی کتێبی ساڵدا پەراوێز خرا

21:48 - 4 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: شاعیرێکی کوردی خەڵکی خۆراسان لە کاتێکدا ٢ جار کتێبەکانی لەلایەن لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵی\"کتێبی ساڵ\"‌ەوە وەک کتێبی نموونە هەڵبژێردرا، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ئەو فستیڤالەوە رێگری لە خەڵات کرانی کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەحیا عەلەوی فەرد شاعیری کوردی خەڵکی شاری \"بجنوورد\"ی سەربە ئۆستانی خۆراسان رایگەیاندووە بەهۆی هەڵاواردن و نایەکسانی لە هەڵسانگاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا، چیدیکە بەشداری لە \"فستیڤاڵی کتێبی ساڵ\"دا ناکات.

ئەو شاعیرە کوردە رایگەیاندووە، سالی ١٣٨٧ کتێبی \"نوآوری این است\" لەلایەن لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵی \"کتێبی ساڵ\"ەوە هەڵبژێرا، بەڵام لە ئاکامدا بەخشی ئەدەبیات ئەو فستیڤاڵە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی کتێبەکەی من بکات، رێزیان لە چەنیدن کتێبی رەمەکی و بێ بایەخ گرت کە هیچ هونەرێکیان تێدا نەبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی ١٣٩٠ کتێبی \"دورە گردها\"یش لەلایەن لێژنەی داوەرانی ئەو فستڤاڵەوە هەڵبژێردرا، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆ رێگری لە خەڵات کرانی کرا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە بەرپرسانی ئەو فستیڤاڵە رایانگەیاندووە کە بەشێک لە شێعرەکانی ئەو کتێبە لە نێو بڵاڤۆک و گۆڤارەکاندا چاپ و بڵاو بۆتەوە.

ئەو بیانووەی بەرپرسانی فێستیڤاڵ لە حاڵێک دایە کە شێعرەکانی نێو کتێبی ئەدەبیاتی منداڵ دەبێ لە ماوەی ساڵێک یان چەندین ساڵدا لە بڵاڤۆک و گۆڤارەکاندا بڵاو ببنەوە و دواتر لەلایەن شاعیرەکەیەوە کۆ بکرێتەوە و لە قاڵبی کتێبدا لە چاپ بدرێت.

کتێبی \"نو آوری این است\" لە فێستیڤاڵی \"کتێبی وەرز، میللیی بەهار و کتێبی ساڵی ئوستانی قوم\" وەک کتێبی نموونە هەڵبژێرداوە و هەتا ئێستا بۆ سەر زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، ئیسپانیۆلی و تاجیکی وەرگێڕان کراوە.

ـ یەحیا عەلەوی فەرد شاعێر، رۆژنامەنووس و نووسەری كورد، ساڵی ١٣٥٢ لە گوندی \"باخچگ\"ی سەر بە شاری بجنوورد لە ئوستانی خوراسانی باكوور لەدایک بووە.

ـ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە كار لەسەر ئەدەبی منداڵان دەكات و بە زمانەكانی كوردی (كورمانجیی سەروو)، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی دەنووسێت.
ـ چەندین خەڵاتی تایبەتی لە ئاستی ئێراندا وەرگرتووە و هەنووکە دانیشتووی شاری \"قوم\"ە.

ـ هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠ پەرتووكی لە ئێران، بریتانیا، عێراق و تاجیكستان چاپ و بڵاو كرۆدتەوە.