شارەكی راژانی سەر بە ورمێ‌ لە دۆخێكی نیزامی دایە

13:09 - 29 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش كوشتنی لاوێكی تەمەن 19 ساڵی كورد و هەروەها ناڕەزایەتی و پەرچەكرداری خەڵكی ناوچەكانی تەرگەوەر و مەرگەوەڕ بەو كارە، ماوەی زیاتر لە دوو رۆژە هێزە نیزامییەكان لە سێ‌ رێیانی راژان لە ئامادە باشی دان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پاش كوژرانی حەبیب سەعادەتیان لاوی تەمەن 19 ساڵەی كورد و هەروەها دەستبەسەر كرانی براكەی بەناوی خورشید سەعادەتیان، رۆژی هەینی رێكەوتی 28ی رەزبەر خەڵكی شارەكی راژان ناڕەزایەتییان بەو كارە دەربڕی و لەسەر گڵكۆی كوژراوەكە لە كۆڕستانی راژان كۆبوونەوە.

هەواڵنێری كوردپا لە شارەكی راژان رایگەیاندووە، خەڵكی شارەكی راژان و ناوچەكانی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و بەتایبەت لاوان بە نیشانەی ناڕەزایبەتی بە كوشتاری بەردەوامی لاوان و كۆڵبەرانی كورد دوێنی هەینی رێكەوتی 28ی رەزبەر لە بەردەم بەخشداریی \"سیلوانا\" لە سێ‌ رێیانی راژان كۆبوونەتەوە و خوازیاری دادگایی ئەنجامدەران و بكوژانی حەبیب سەعادەتیان و بەدواداچوون بەو مەسەلەیە بوون.

هەروەها كۆمەڵێك لە لاوانی شارەكی راژان بە نووسینی نامەیەك بۆ بەخشداری سیلوانا و هەروەها فەرمانداری ورمێ‌، وێڕای هۆشداری دان بە ئەگەری درێژەدان بە كوشننی لاوانی كورد، لەو نامەیەدا خوازیاری بەدواداچوونی یاسایی بە كردەوەی ئامانجدارانەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت لە ورمێ‌ و دەوررووبەری بوون.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە پاش ئەو حەرەكەتەی خەڵك لە ترسی بەرینتر بوونەوەی ئەو حەرەكەتە هێمنانەیە، هێزە نیزامییەكانی رێژیم بە شێوەیەكی توندوتۆڵ لە ناوچەكە و بەتایبەت سێ‌ رێیانی راژان جێگیر كراون و ناوچەكە كەشێكی نیزامی و ئەمنیەتیی بەسەریدا زاڵە.