شارەکانی کوردستان لە مانگرتندان

15:45 - 9 رەزبەر 2722

ئەمڕۆ شەممە، ٩ی ڕەزبەر، زۆربەی شارەکانی کوردستان لە سەر داوای حیزبە سیاسییەکان بۆ مەحکوومکردنی هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسداران لە مانگرتندان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، ژمارەیەکی زۆر لە بازاڕیان و سینفە جیاوازەکان لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان، دێولان، سەقز، پاوە، جوانڕۆ، بۆکان، سەردەشت، بانە، مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار، محەممەدیار، ڕەبەت، کامیاران، ئیلام، ورمێ و شنۆ مانیان گرتووە و نەچوونەتە سەر کارەکانیان.

هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، سپای پاسداران بۆ هەشتەمین جاری بەردەوام و بەخەستی هەموو ناوچە سنوورییەکان و کوێستانەکانی بەربزین، هەڵگورد، سیدەکان و سەقەری لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆپباران کرد.

ژووری ئەسنافی بۆکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی بە بازاڕییەکانی ئەم شارە داوە دووکانەکانیان بکەنەوە و لەئەگەری سەرپێچی لەم بڕیارە بەپێی ڕێساکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەمە دووەمین مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستانە کە لە دوای مانگرتنی گشتیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان و دوابەدوای بانگەوازی حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوە دەچێ.

خوێندکارانی زانکۆی ڕازیی کرماشان و زانکۆی کوردستان لە سنەش لە ناڕەزایەتی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕینەوە.

دوابەدوای هێرشە بەردەوامەکانی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، وێڕای مەقەڕەکانی ئەم حیزبانە لە ناوچە کوێستانییەکان، کەمپی پەنابەرانی سیاسی و مەقەڕی ئەم حیزبانەش لە شاری کۆیە و پارێزگاکانی  سلێمانی و هەولێر کرانە ئامانجی هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسداران.

لە ئاکامی هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبانە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ١٧ کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٩ کەسیش بریندار بوون.

پاش هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسداران، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک داوایان لە خەڵک کرد کە مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانانیش، سینفە جیاوازەکان و بازاڕییان لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لە سەر داوای حیزب  و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی مانیان گرت و هەموو دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

پاش مانگرتنی گشتیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان، هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و دژە شۆڕشەکانی حکوومەتەوە تێکەڵ بە توندوتیژی بوون.

لە سەرەتای دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستانەوە لە خەرمانانی ئەمساڵدا تاکوو ئێستا ١٩ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان گیانیان لەدەست داوە و دەیان هاووڵاتیش بریندار بوونە.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستاندا، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە چارەنووسیان نادیارە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا(مەهسا) ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز لە ئاکامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئیرشاددا چووە کۆماوە و دواتر لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا. ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان تەرمی ناوبراو بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک لە گۆڕستانی "ئایچی"ی سەقز بە خاک ئەسپێردرا.