شارەکانی شنۆ و ورمێ بەهۆی حوزووری هێزەکانی حدکا میلیتاریزە کران + تەکمیلی

15:46 - 3 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش دەستپێکی جموجۆڵی نیزامیی حیزبێکی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزەکانی سپای پاسداران ئامادەباشییان پێ دراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەم چەند رۆژەی رابردوودا سپای پاسداران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵە نیزامییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزە خۆجێییەکانی سپا لە شنۆ و ورمێ لە حاڵەتی ئامادەباشییی تەواو دەرهاتوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران لە شنۆ، هێزە خۆجێیەکانی لەمەڕ بەرەنگاری لەگەڵ هەر چەشنە جموجۆڵێکی نیزامی لە نێوخۆی شار و گوندەکانی کوردستان رێک خراون و بە چەکوچۆڵەوە رەوانە ناوچە سنوورییەکان شنۆ لە هەرێمی کوردستان کراون.

ئەم سەرچاوە راشیگەیاند: هەروەها هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگیری لە هاتوچۆی هێزی حیزبە کوردییەکان ئوپۆزسیۆن لە چەندین گوندی شنۆ لە هەوڵی دانانی بازگەی پشکنین دان.

گوندەکانی ناوچەی دەشتەبێل و هەروەها گوندەکانی گڵاز، سۆجە، گوندە وێڵە، حەسەن نووران و بێژاوێ لەو گوندانەن کە سپای پاسداران لە هەوڵی دانانی بازگەی پشکنین دایە.

ئەم سەرچاو لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە خۆجێییەکانی سپا لە شنۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە خۆیان چەشنی هێزە کوردییەکانی ئوپۆسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم داوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزەکانی بەسیج و لیباس شەخسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی شاری شنۆدا لە هاتوچۆ دان.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی هەواڵەکانی ئاژانسی کوردپا، سپای پاسداران لە ئورمیە، هێزە خۆجێییەکانی خۆی ئامادە کردووە.

سپای پاسداران رایگەیاندووە: بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هەر چەشنە جموجۆڵێکی نیزامییە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزیۆنی حکوومەتی ئێران ئامادە بکەن.

لەم چەند هەفتەی دواییدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزەکانی پێشمەرگەی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەڵکەوتوو لە ٢٠٠ کیلۆمیتریی باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر رەوانە کردووە و هەنووکە بەشێک لەو پێشمەرگانە لە خاکی کوردستانی ئێران لە شنۆ و پیرانشار، جێگیر کراون.

تەکمیلی: هەواڵنیری کوردپا لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاند؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ٤ هیلی‌کۆپتەری هێزی ئاسمانیی قەرارگای عەمەلیاتیی ورمێ، دەیان هێزی سپای پاسدارانی رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کردووە.

ئەو هێزانە کە دەوترێ بە کەرەستە و هێزی قورس و نیمە قورس هاوڕییەتی دەکرێن و دەست و پێوەندییەکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەرەو ناوچە سنوورییەکانی شنۆ پیرانشار دەنێردرێن.

تەکمیلی ١: هەواڵنێرانی کوردپا باسیان لەوە کردووە کە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ٤ هێڵی کۆپتێری قەرارگای ورمێ دەیان هێزی سوپای پاسدارانی بۆ ناوچە سنوورییەکان راگواستووە.

دەوترێت ئەو هێزانە بە چەکی قورس و نێوە قورسەوە لەشاری مەهابادەوە بۆ ناوچەکانی شاری شنۆ و پیرانشار راگوێزراون.

لەشاری نەغەدەشەوە باس لەوە کراوە کە ئەندامانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزە خۆجەییەکان بەرەو سنووری شنۆ کەوتوونەتە رێ.