شارەوانیی تیکاب، شوێنەوارێکی مێژووییی تێکڕووخاند+وێنە

14:16 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە بازاڕی کۆنی شاری تیکاب بەبێ ئاگادارکردنەوە و بە شێوەی لە ناکاو، لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە روخێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەوانیی تیکاب لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشێک لە چوارڕێیانی ناوەندی شارەکەی رووخاند، کە ئەمە ناڕەزایەتیی میرات فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی ئەو ئوستانەی لێکەوتەوە.

بەرپرسی ئیدارەی میرات فەرهەنگی رایگەیاندووە، شارەوانی مۆڵەتی رووخاندنی ئەو کارەی پێنەدراوە و ئیدارەی میرات فەرهەنگیش هەتا ئێستاش دژایەتی لەگەڵ بچووکترین دەستکاری و نوێژەن‌کردنەوەی دووکانەکانی ئەو بازاڕە کۆنە کردووە.

رووبەری ئەو شوێنەوارەی کە روخێندراوە، ٥٠ میتری سێ‌جایە، کە بەهۆی رووخاندنی ئەو شوێنەوە، داڵانی پشت بازاڕەکەش زیانی بەرکەوتووە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری ئەمیر مەتڵووبی‌یەوە بڵاوی کردەوە، بەشێک لەم شوێنەوارەی سەردەمی پەهلەوی بە مەبەستی دروست کردنی بینایەکی نوێ بۆ بانکی \"رفاه کارگران\"، لە رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەدا بە تەواوەتی تێکڕووخاوە.

ئەو بازاڕەی شاری تیکاب ساڵی ١٣٢٨ هەتا ساڵی ١٣٣٨ لەلایەن غوڵام‌حوسێن مێعمارباشیی تەورێزییەوە لە چوار شەقامی سەرەکیی ئەو شارەدا و بە کەڵک وەرگرتن لە دار و خشت (ئاجۆر) لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا دروست کراوە.

\"بەخشی‌نگری (کەس لە کەسی)\" بە یەکێک لە دیاردە و کێشەکانی ئیدارە و ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران دادەندرێت، کە ئەمەش بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی گەندەڵیی ئیداری - ماڵی لە وڵاتی ئێران دادەندرێت.

هەروەها لە راپۆرتی ١٠٠ رۆژەی دەولەتی رۆحانیدا هاتبوو کە پێگەی فەرهەنگیی ئێران لە ئاستی جیهاندا، بەهۆی نابەرپرسیارەتی‌یەوە بەرەو لاوازی چووە.

رادیۆ زەمان لە راپۆرتێکدا بەم شێوەیە ئاماژەی بە کەموکۆڕییەکانی رێکخراوی میرات فەرهەنگی کردبوو: ١- هیچ ناوەندێکی هاوتەریب و بالادەست و هیچ رەوتێکی رێکوپێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پێ‌دانی مۆڵەت و ئاگادارکردنەوە لە ئارادا نییە و کارناسانی رێکخراوەکە ئەوەپەری دەست ئاوەڵایی‌یان لە کار کردندا هەیە. ٢- هیچ هەڵسەنگاندێک بۆ کاری بەرێوەبەران و بەرپرسانی پەیونەدیدار و کارناسانی ئەو بوارە ئەنجام نادرێت. ٣- رێسای وڵامدانەوە بە پرسیار و دانی مۆڵەت روون نییە و ئەگەر لە نێو رێکخراوەکەشدا دیاریکراو بێت، بە شێوەیەکی روون و گشتیگیر رانەگەیەندراوە.
\"18837.jpg\"

\"18839.jpg\"

\"18840.jpg\"

\"18841.jpg\"

\"18842.jpg\"

\"18843.jpg\"