شارەداری شاری سنە ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ دەیەی فەجر تەرخان کردووە

15:30 - 9 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای شاری سنە بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ڕێوەرەسمی بەڕێوەچوونی \"دەیەی فەجر\" لەو شارە تەرخان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیونی فەرهەنگی شۆرای شاری سنە، بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن بۆ بەرنامەی هاوبەشی شۆرا و سپای بیت المقدس کوردستان بۆ \"دەیەی فەجر\" تەرخان کراوە.

چالاکێکی مەدەنیی لەو پەیوەندییەدا، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەوڵی شۆرای شاری سنە لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا شۆرا، لە ڕاستای داواکاری فەرهەنگی شاری سنە هیچ کارێکی ئەنجام نەداوە و ڕیزبەندی کۆمیسیونی شۆرای شاری ئیسلامیی سنە لەلایەن چالاکانی فەرهەنگییەوە ڕەخنەی لێگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: لەو ڕیزبەندییەدا، کە چەند کەسێکیان لە دەست وپەیوەندییەکانی ناوەندە نیزامیی _ ئەمنیەتییەکانن هیچ وێکچوویەک لە نێویاندا نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەندامانی کۆمیسیونی شۆرای شاری سنە تەنیا بەڕێوەبەری بەرنامە تایبەتییەکانی ناوەندە ئاماژە بۆکراوەکانن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گەندەڵی ماڵی ئەندامانی شۆرای شاری سنە، ناڕەزایەتی ناوەندەکانی چالاکی مەدەنیی لێ کەوتووتەوە.