شارەكانی كوردستان لەگەڵ \"كەمیی باران\" بەرەوڕوون

15:53 - 29 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای تێپەڕ بوونی نیوەی وەرزی بارانە ئاسمانییەكان لەكوردستانی ئێران، بەرپرسانی كەشناسی باسیان لە \"كەمبوونەوەی بارینی باران\" كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای دەسپێكی وەرزێڕی لە ئەمساڵدا هەتا ئێستا تەنیا ١٦٦,٢ میلی میتر باران لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا تۆمار كراوە، كە ئەمە بۆ هاووڵاتیان و بە تایبەت وەرزێڕان هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە.

بەرپرسی تیمی لێكۆلینەوەی كەشناسی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا باسی لە كەمبوونەوەی ٨٠ میلی میتری بارانەكانی ئەمساڵ بە بەروارد لەگەڵ ساڵی پێشوو كردووە و وتوویەتی: شارستانی پیرانشار بە دابەزینی ٢٧٠ میلی میتر زۆرترین رێژەی كەمبوونەوەی باران بارینی تێدا تۆمار کراوە.

سەیاد خشتكان سانی بە هەواڵدەریی \"فارس\"ی وتووە، شارەکانی چایپارە، خۆی و پۆلدەشت کەمترین رێژەی باران بارینیان تێدا تۆمار کراوە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش كردووە، لەكۆتایی ساڵی وەرزێڕی ئەمساڵدا هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەرمان بۆ وەرزێڕان پێ‌نییە.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ١٧ شارستانی لە خۆ گرتووە.

هاوكات لەگەڵ ئەو لێداوانانە، لە ئوستانی كوردستانیش هەواڵەكان باس لە كەمبوونەوەی باران لە شەش شارستان دەكەن.

سنە، سەقز، سەوڵاوا، بانە، كامیاران و مەریوان ئەو شارستانەن كە ئاستی باران بارین لە كەمی داوە.

\"18403.jpg\"
بەوتەی لێپرسراوی گشتیی كەشناسی لە ئوستانی كوردستان، شارەكانی سنە بە ٢٥%، مەریوان ١٨،٥% و بانە ١٥% زۆرترین رێژەی كەمبوونەوەی بارانیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ ، تێدا تۆمار كراوە.

كەمبوونەوەی باران لەكاتێكدایە كە چەند حەفتە لەمەوبەر زۆربەی شارەكانی كوردستان لە مێهران و ئیلامەوە بگرە هەتا سەلماس و خۆی شایەتی بەفر و بارنێكی زۆر بوون و بارینی بەفریش لەدوو رۆژی رابردوودا سەرجەم شارەكانی ئیلام، كرماشان و كوردستانی گرتۆتەوە.

هەروەها بەپێی وتەی بیرمەندانی زانكۆی \" گیسن\"‌ی ئاڵمان هاوینی ساڵی ١٣٩٣ گرمترین وەرزی ساڵ دەبێت.

نێوەڕاستی مانگی بەفرانبار، بەرپرسی میللیی وشكەساڵی لە رێكخراوی كەشناسیی ئێران باسی لە وڵامدەر نەبوونی بارانەكانی ئەمساڵ كردبوو، کەلە چل ساڵی رابردوودا ئێران تەنیا شەش ساڵی پڕ ئاو بووە.

ئامارە فەرمییەكان دەرخەری ئەوەن، ٥١٧ شار لەئێران لەگەڵ كێشەی ئاو بەرەوڕوون و نیوەی دووەمی ساڵی ١٣٩٣ دابین كردنی ئاوا بۆ ئەو شوێنانە لەگەڵ كێشە و قەیران بەرەوڕوو دەبێتەوە.

لێكۆلینەوەكانی ناسا لەمەڕ كەمبوونەوەی ئاوە ژێر زەوییەكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرخەری ئەوەیە كە لەساڵی ٢٠٠٣وە بەشێكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناڤین وەكوو توركیە، سووریە، عێراق، ئێران و هەروەها رووبارەكانی دیجلە و فورات نزیك بە ١٤٤ كیلومیتری سێ‌جا پاشكەوتەكانی ئاوی شیرینیان لەدەست داوە.