شارێكی ٩٠ هەزار كەسی لەئوستانی كرماشان تەنیا پزیشكێكی منداڵانی هەیە

14:05 - 17 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ لەشارستانی سەرپێڵ زەهاو، گیانی منداڵانی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو كردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شاری ٩٠ هەزار كەسیی سەرپێڵ زەهاو لەئوستانی كرماشان تەنیا یەك جەراح(نەشتەرگەر)ی تایبەت بە منداڵانی هەیە.

یەكێك لەبنەماڵەكانی ئەو شارە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی وتوویەتی: نەخۆشخانەی سەرپێڵ زەهاو خۆی لە چارەسەری پزیشكی منداڵان دەبوێرێ‌.

\"20959.jpg\"
هاووڵاتییان ئیدارەی تەندروستی سەرپێڵ زەهاویان بە كەمكاری و كەمتەرخەمی تاوانبار كردووە و سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر منداڵان هۆشداریان داوە.

لەسەرپێڵ تەنیا \"مەتەب\"‌ێكی تایبەت بە منداڵان هەیە كە لەلایەن ژن و پیاوەكە بەڕێوە دەچێت و ئەو شوێنەش توانای بینینی هەموو منداڵانی نەخۆشی نییە.

لەحاڵی حازردا ئەو بنەماڵانەی كە لەسەرپێڵ منداڵی نەخۆشیان هەیە، بە ناچاری و بە تێچوویەكی زۆرەوە سەردانی ناوەندی پزیشكیی شارەكانی دیكە دەكەن.

بەپێی ئامارەكان، بەگشتی لەئێران ٨٠ پزیشكی جەراحی منداڵ هەیە و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیەش ٢٥‌یان لەتارانن و لەبەشێك لەئوستانەكان پزیشكی پسپۆڕ و جەراحی منداڵان بوونی نییە.