شاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام لە بوونی نەخۆشخانە بێبەرییە

21:07 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: شاری مەلەکشاهی, یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای ئیلام کە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٩٠ی هەتاوی، زیاتر لە ٦٠ هەزار حەشیمەتی هەیە و لە بوونی نەخۆشخانەیەک بێبەرییە.

شاری مەلەکشاهی، لەگەڵ نەبوونی ناوەندی دەرمانی، بە تایبەت نەخۆشخانە، بەرەوڕوویە و ئەمەش کێشەی زۆری بۆ خەڵکی ئەو شارە دروست کردووە.

بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری مەلەکشاهی، یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو شارە دروستکردنی نەخۆشخانەیە کە هەتا ئێستا، ئەو کارە جێبەجێ نەکراوە.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری مەلەکشاهی هەروەها دەڵێت: \"بە هۆی دووریی مەودای نێوان ئەو شارە لەگەڵ شاری ئیلام، لە زۆربەی حاڵەتەکانی ڕووداوە سروشتی و جۆراجۆرەکان، لە کاتی بەڕێکردنی بەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام، لە ڕێگادا گیانیان لە دەست دەدەن\".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەڵێت: \"شاری مەلەکشاهی پێویستی بە لانیکەم ئۆرژانسێک هەیە، کە یارمەتییە سەرەتاییەکان بۆ نەخۆشەکان و برینداربووانی ڕووداوی هاتوچۆ ئەنجام بدات\".

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی شاری مەلەکشاهی دەڵێت: \"لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی دڵیان هەیە، یان ئەوانەی جەڵتەی دڵ یان مێشک لێیان دەدات لە کاتی بەڕێکردنیان بۆ نەخۆشخانەی شاری ئیلام لە ڕێگادا گیانیان لە دەست دەدەن\".

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: \"هاووڵاتییانی دانیشتووی شاری مەلەکشاهی بۆ ئەم حاڵەتانە زۆر ئازار دەچێژن و چەندین جار ئەم داواکارییەمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هێناوەتە بەرباس، بەڵام هەتاکوو ئێستا، ئەم داواکارییە جێبەجێ نەکراوە\".

ماوەی ٨ ساڵە دەست کراوە بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک بۆ شاری مەلەکشاهی و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە سەدا ٦٠ی کارەکانی جێبەجێ کراوە و بە وتەی فەرمانداری ئەو شارە، هەتا تەواو کردنی ئەو نەخۆشخانەیە ٩ میلیاردی دیکە پارەی بۆ تەرخان کراوە.