شارۆمەندێکی بەهایی لە شیراز بە تاوانی \"چالاکی دژی نیزام\" مەحکووم کراوە

15:30 - 21 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بڵاویان کردووەتەوە کە \"یەکتا فەهەندژ سەعدی\" خەڵکی شیراز، بە تاوانی چالاکی دژی نیزام لە لایەن دادوەری شۆڕشی پارێزگای فارس، بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی\"هێرانا\" بڵاوی کردووەتەوە کە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٠دا، لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە ناوبراو بە ٨٢ ڕۆژ زیندانی کران و هەروەها لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٢دا، لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە دوو مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

کۆمەڵگای بەهاییەکان پێشتر لە ماڵپەڕەکانیاندا بڵاویان کردبووەوە کە ناوبراو لەگەڵ \"فەرشید یەزدانی\" و \"سینا ساریخانی\" بەدانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

ئاخرین قۆڵبەست کرانی ئەم چالاکە بەهاییە بۆ ٢٧ی جۆزەردان هەڵدەگەڕێتەوە، کە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئایینی بەهایی لە ئیڕاندا وەک مەزهەب بە فەرمی نەناسراوە و حکوومەتی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بەردەوام بە پێشێل کردنی مافە مرۆیی و شارۆمەندییەکانی بەهاییەکان تاوانبار و مەحکووم کراوە.