شاردنەوەی ڕاستییەکان و ڕەتکردنی کوژرانی زیندانییەک لە زیندانی سنە، لەلایەن دادستان و ناوەندە حکوومەتییەکان

12:33 - 15 خەزەڵوەر 2721

دادستان و پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە، کوژرانی زیندانییەک بە ناوی "خەسرەو جەماڵیفەر" خەڵکی شاری سنە، لەلایەن مەئموورانی زیندانی ئەو شارەیان ڕەت کردەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە، هۆکاری کوژرانی ئەو زیندانییە کوردەی بۆ شەڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ زیندانییەکی دیکە لەنێو بەندی ئەو زیندانە، گەڕاندووەتەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی "مێهر" بە سەرچاوە لە پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە، بڵاوی کردووەتەوە کە لە کاتی شەڕ و دەمەقاڵێی ئەو زیندانییە لەگەڵ زیندانییەکی دیکە، مەئموورانی چاوەدێری زیندان کە ئەو دوو کەسەی لە یەک جیا کردووەتەوە و دواتر لەسەر بڕیاری شورای ئینزباتی و چاوەدێری زیندان، ئەو زیندانییەیان لە زیندانییەکانی دیکە جیا کردووەتەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە، هەروەها تۆمەتی "خودزنی" لەپێش چاوی دادوەری چاوەدێری زیندانی خستووەتە پاڵی ئەو زیندانییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە خوسرەو جەماڵیفەر، بەهۆی سەرئێشە، دەسبەجێ ڕەوانەی بێهداری زیندان و دواتر بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و پاش کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

هەروەها داستانی سنە، هۆکاری گیانلەدەستدانی خوسرەو جەماڵیفەری بۆ لێدانی مەئموورانی زیندان ڕەت کردەوە و گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییەی، بۆ سەرگێجە و بەپشتەوە کەوتنە سەر لێواری دیوار گەڕاندووەتەوە.

لێدوانی محەممەد جەباری و ڕاگەیەندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە لە حالێکدایە کە بنەماڵەی جەماڵیفەر، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردبووە کە کوڕەکەیان بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندانی ئەو شارە، گیانی لەدەست داوە.

شەوی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ"، بە ناوی "خوسرەو جەماڵیفەر"، خەڵکی سنە، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندانی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

ئەو زیندانییە کە لە ژووری تاکەکەسیی بەندی قەرەنتینەدا بووە بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی زیندان زەربە بە سەری کەوتووە و گیانی لەدەست دابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، تەرمی خوسرەو جەماڵیفەرلە کەشوهەوایەکی ئەمنییەتی لە بەهەشتی محەممەدی ئەسپەردەی خاک کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کردبوو کە لەگەڵ هیچ میدیایەک لێدوان نەدەن.