شارام نازری: ئەگەر دەنگ و ڕەنگی ئێران گۆرانیم بڵاو بکاتەوە، گۆرانی ناڵێم

14:20 - 4 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: تەندیسی فەرهەنگ و هونەر لە ڤێستیڤاڵی نەتەوەکانی ئێران لە شاری کرماشان پێشکەش بە هونەرمەندی کورد شارام نازری کرا و لە هەمانکاتدا ناوبراو ڕەخنەی لە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە سێی ڕێبەندان، لە کۆتایی ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی نەتەوەکانی ئێران، خەڵاتی ڕیزلێنان پێشکەش بە شوالیەی ئاواز شارام نازری کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، ئەو هونەرمەندە کوردە ڕەخنەی لە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرت و گوتی: ماوەی ٣٧ ساڵە ئیدارەی دەنگ و ڕەنگ بەبێ ئیزنی من گۆرانییەکانم \"کوپی ڕایت\"دەکات و هەروەها بەبێ لە بەرچاوگرتنی هیچ ماف و حقووقێک بۆ من، و بەبێ ئیزنی خۆم گۆرانییەکانم بڵاو دەکەنەوە.

شارام نازری هەروەها، گوتی: دەنگ و ڕەنگی حکوومەت بە ماڵی هونەرمەندان بە ئەژمار دێت، کەچی ماوەی ٣٧ ساڵە هونەرمەندان لەو ماڵە بێبەشن.

شوالیەی ئاوازی کورد بە ئاماژەدان بەو خەڵاتە گوتی: ئەو خەڵاتە باشترین خەڵاتی ژیانی من دەبێت، بەڵام بارودۆخی ئێران بە شێوەیەکە کە کەسانێک کە دەیانهەوێ کارێک ئەنجام بدەن، لەلایەن هێندێ کەسەوە بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت.

لەو ڕێورەسمەدا، هێندێک لە بەشداربوون داوایان لەو هونەرمەندە کوردە کرد کە گۆرانییان بۆ بڵێت، ئەوێش گوتی: من کاتێک گۆرانی دەڵێم کە دەنگ و ڕەنگ بڵاوی نەکاتەوە، ئەگەر بمزنیبا دەنگ و ڕەنگ بڵاوی دەکاتەوە هەرگیز نەدەهاتم.

ڕێوڕەسمی بەخشینی ئەو خەڵاتە فەرهەنگ و هونەرییەی کرماشان بەمەبەستی رێزگرتن لەکار و بەرهەمە هونەرییەکانی شارام نازری بووە.

شارام نازری ساڵی ١٣٢٨ لەشاری كرماشان لەدایک بووە و بە حوكمی ئەوەیكە بنەماڵەكەی لایەنگری هونەر بوون، هەر لە سەردەمی منداڵیدا، دایكی لەگەڵ شێعر و ئاواز ئاشنای كردووە و لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا كەڵكی لە شێعرەكانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەكانی تێكەڵاوێكە لە سەبكی حیماسی و عێرفانی.