شارام نازری کۆنسێرتێک بۆ پشتیوانی لە کچە قوتابییەکانی شیناوێ بەڕێوە دەبات

14:46 - 26 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: شارام نازری هونەرمەندی ناسراوی کورد بۆ پشتیوانیی ماڵی کچە قوتابییەکانی رووداوی شیناوێی پیرانشار کۆنسێرتێکی مۆسیقایی بەڕێوە دەبات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رێکەوتی ٢٨ و ٢٩ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا شارام نازری بۆ پشتیوانیی کچە قوتابییەکانی رووداوی شنیاوێ کۆنسێرتێکی مۆسیقایی لە هۆڵی پیشانگەی نێونەتەوەیی شاری تاران بەڕێوە دەبات کە بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکەی تەرخانی دەواو دەرمانی ئەو کچە قوتابییانە دەکات.

رێکەوتی ١٥ سەرماوەزی ساڵی رابردوو ٣٦ کچە قوتابیی پۆلی چوارەمی سەرەتایی بەهۆی تەقینەوەی کورەی نەوتیی ناستانداردا تووشی سوتان بوون و دواتر ٢ کەسیان بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە\" و \"سارینا رەسووڵزادە\" بەهۆی قوڵیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.

\"15409.jpg\"
هەنووکە ٢٠ کەس لەو کچە قوتابییانەی رووداوی شیناوێ پێویستیان بە نەشتەرگەریی پزیشکی هەیە کە سەرجەمیان بەهۆی دەستکورتییەوە توانای دابین کردنی تێچووی ئەو نەشتەرگەرییە و تەنانەت دەواو دەرمانیشیان نییە.

شارام نازری رۆژانی ٢١ و ٢٢ی مانگی خەرمانان ئەمساڵ کۆنسێرتێکی بۆ پشتیوانی لە \"ئەنجومەنی پشتگیری لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانی ئوستانی کوردستان\" بەڕێوە برد و بڕیارە لە ماوەی ٢٠ رۆژی داهاتوودا کۆنسێرتێکی تایبەت لە شاری مەهاباد بۆ پشتیوانیی تووشبوان بە نەخۆشیی \"گول\"یی گوندی \"بەسرێ\"ی سەربەو شارە بەڕێوە ببات.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە رۆژنامەکانی ئێران لەمەڕ بەردەوامیی ئەو چالاکییانە رایگەیاندووە، \"هەنووکە ئاوڕ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەدەمەوە و دواتریش بە پێی ئیمکان ئەو چالاکییانە لە ئاستی ئێران و نێو دەوڵەتیدا بەرفراوان‌تر دەکەمەوە\"

نوێترین وێنه‌ی قوتابیانی شیناوێ له پیرانشار
\"15412.jpg\"

\"15410.jpg\"

\"15411.jpg\"

\"15413.jpg\"