شاخەوانێکی کرماشانی بەسەر هیمالیادا سەرکەوت و شاخەوانیکی سەقزیش بەرەو ئەو لووتکەیە بەڕێکەوت

16:18 - 7 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە وەرزشوانە بە پێشنەکانی کوردی خەڵکی کرماشان، چیای \"کەی ٢\"ی هیمالیای بڕی و گەیشتە لووتکەی ئەو چیایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، رەزا شەهلایی شاخەوانی بە ئەزموون و ناسراوی کرماشانی، دووەمین چیای بەرزی لە ئاستی جیهاندا بڕی.

ئەو چیایە، کەلە ناوچەی \"قەرە قرووم\"ی زنجیرە چیای هیمالیای نێوان پاکسان و چین هەڵکەوتووە، بەرزییەکەی ٨٦١١ میترە.

چیای \"کەی ٢\" بە (کوێستانی دڕندە)، بە ناوبانگە و هەتا ئێستا یەک کەس لەو چوار کەسانەی کە ویستوویانە بەسەر ئەو چیایەدا سەربکەون، گیانیان لەدەست داوە.

رەزا شەهلایی رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە قاڵبی تێمێکی نێونەتەوەییدا و بۆ سەرکەوتن بەسەر چیای کەی ٢دا گەیشتبووە وڵاتی پاکستان.

ئەو شاخەوانە کوردە پێشتریش بەسەر چیای \"ئێڤێرست\" و \"کانچن جونگا\"دا سەر کەوتووە.

شەهابی ساڵی ١٣٣٨ لە کرماشان لە دایکبووەو ساڵی ١٣٦٠ دەستی بە چالاکیی شاخەوانی کردووە.

\"21194.jpg\"
کاوان محەمەدزادە شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری سەقز
لەلایەکی دیکەوە رۆژی ٢٩ی پووشپەڕ شاخەوانیکی سەقزی بە دروشمی \"پشتیوانی لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە\"، بۆ سەرکەوتن بەسەر چیای هیمالیادا رووی لە وڵاتی تاجیکستان کردووە.

کاوان محەمەدزادە لە قاڵبی تیمی کوردستان کەلە دوو کەس پێکهاتبوو، چوونەتە تاجیکستان و لە ئێستادا لە وڵاتی تاجیکستان بەسەر دەبات و بە وتەی ئەو وەرزشوانە کوردە، سەرکەوتن بەسەر چیای \"کۆمۆنیزم و کۆژنفسکایا\" کە هەرکامەیان زیاتر لە ٧ هەزار میترن، ماوەی ١ مانگ دەخایەنێت.

ئەو شاخەوانە کوردە، ساڵی ١٣٩٠یش توانیبووی بەسەر چیای ٦٦٥٤ میتریی \"مراپیک\"، یەکێک لە زنجیرە چیاکانی هیمالیا لەوڵاتی نیپاڵدا سەربکەوێ.