شاخەوانێکی ناسراوی کورد بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەکان زێدی خۆی بەجێ‌هێشت

14:01 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش یەک حەفتە ناڕوونیی چارەنووسی شاخەوانێکی کورد، فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان وەکوو هۆکاری ئەو بێسەروشوێن بوونە راگەیەندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سامان حەسەن‌خاڵی وەرزشوانی ناسراوی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە ماوەی ١١ ساڵە لە رشتەی شاخەوانیدا چالاکی دەکات، بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ‌هێشت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ پێشتر گومانی ئەوە دەکرا کە ئەو شاخەوانە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابێت، بەڵام لە ئەنجامی بەدواداچوونی هەواڵنێری کوردپا روون بوویەوە کە ناوبراو بەناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.

سامان حەسەن‌خاڵی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی کوردپا، هەڕەشە و فشاری دەزگا ئەمنییەکانی بۆ سەر خۆی و چوونەدەرەوە لە وڵاتی پشتڕاست کردەوە.

\"18990.jpg\"
سامان حەسەن‌خاڵی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی کوردپا، هەڕەشە و فشاری دەزگا ئەمنییەکانی بۆ سەر خۆی و چوونەدەرەوە لە وڵاتی پشتڕاست کردەوە
ئەو شاخەوانە کوردە بە کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان رۆژی ٢٨ی رەشەممە چووبوونە ماڵی ئێمە و وێڕای پشکنین سەرجەم ژوورەکانی ماڵی ئێمە، دەستیان بەسەر لەپ‌تابی شەخسیی منیشدا گرتبوو.

سامان حەسەن‌خاڵی ئەو هەڵوێستەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆ هەڵکردنی ئالای کوردستان لەسەر لووتکەی شاخی خانتێگری لە وڵاتی قرقیزستان گەڕاندەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو وەرزشوانە کوردە باسی لە ناڕوونیی چارەنووسی کۆڕەکەیان کردبوو. هەروەها پێشتریش دەبیرخانەی ئەنجومەنی شاخەوانانی شاری مەهاباد بێ ئاگایی خۆی لە چارەنووسی ئەو وەرزشوانە کوردە راگەیاندبوو.

سامان حەسەن‌خاڵی لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی‌دا شاخی ٧٠١٠ میتریی خانتاگریی وڵاتی قرقیزستانی بڕی و ئاڵای کوردستانی لە سەر لووتکەی ئەو شاخە هەڵکرد.

ئەو شاخەوانە کوردە، هاوڕێی نزیکی موقبیل هونەرپەژوو شاخەوانی ناسراوی بۆکانییە.