شاخەوانێک لە مەهاباد لە کاتی شاخەوانیدا کۆچی دوایی کرد

12:58 - 20 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: شاخەوانێکی ناسراوی شاری مەهاباد لە کاتی شاخەوانیدا بەهۆی سەکتەی دڵەوە لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەشەممە \"حوسێن ئەفسوردە دڵ\" لەکاتی شاخەوانی لە چیای \"سێ کانیان\"ی شاری مەهاباد تووشی سەکتەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە کۆچی دوایی کردووە.

\"11478.jpg\"

ئەو شاخەوانە کوردە لە ماوەی زیاتر لە ٣٥ ساڵ وەرزشی شاخەوانیدا هاندەرێکی باشی لاوانی شاری مەهاباد بەرەو لای وەرزشی شاخەوانی بووە و کۆمەڵێک لە لاوانی ئەو شارەی لە وەرزشی شاخەوانیدا پەروەردە کردووە.

هەروەها ناوبراو مەلەوانێکی بە ئەزموون بوو و لە ماوەی تەمەنی وەرزشیدا گیانی زیاتر لە ٨٠ کەسی لە بەنداوی مەهاباد لە مەترسیی مردن رزگار کردبوو.