شاخەوانانی کورد لە چیای ئاویەر تۆوی گژوگیا دەچێنن

20:18 - 14 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کانوونی شاخەوانانی ئوستانی کوردستان بە یارمەتیی گروپە شاخەوانییەکانی ئوستانی کوردستان، چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڕیارە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر سەرجەم گروپە شاخەوانییەکانی ئوستانی کوردستان، لە حەرەکەتێکی خۆڕسکدا تۆوی گژوگیا بەسەر لەوەڕگە سووتاوەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنەدا، بچێننەوە.

\"16586.jpg\"
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانان ژینگەی چیای ئاویەری شاری سنە ئاگری تێبەر درا و بەشێکی بەرچاو لە لەوڕگەکانی ئەو چیایە، لە ئاگردا سووتا.

ئەو گرووپە شاخەوانییانە کە بۆ یادی \"محیەدین حەق شناس\" ئەو چالاکییە بەڕێوە دەبەن، وێڕای چاندنی تۆوی گژوگیا لە شوێنە سووتاوەکانی ئەو چیایە، بڕیارە ژینگەی ئەو ناوچەیەش خاوێن بکەنەوە.

دەگوترێت کە، لەوەڕگەی چیای ئاویەر بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاگری تێبەر بووە و قاپووڕی گولـلەی ئاگردەری چەکی ئەو هیزە نیزامییانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دۆزراونەتەوە.